لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی رەمەزان.. مریشک لە بازاڕەکانی کەرگێ لەگێدا نەماوە
کەرگێ لەگێ – نۆرس پرێس
لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی رەمەزان، بۆ دەیەمین رۆژی لەسەریەک، مریشکی زیندوو لە بازاڕەکانی شاری کەرگێ لەگێ، لە رۆژهەڵاتی قامشلۆی رۆژئاوای کوردستاندا نەماوە.
مریشکفرۆشێک بە پەیامنێری نۆرس پرێسی گووت، کە هۆکاری نەمانی مریشک دەگەڕێتەوە بۆ “ناکۆکی لەسەر نرخی نێوان لیژنەی دابینکردن و بازرگانەکاندا”.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا، بەڕێوبەریی خۆسەریی دیموکراتی رۆژئاڤا، نرخی مریشکی زیندووی لە ناوچەی جەزیرە بە 26 هەزار دیاریکرد، بەجۆرێک کە نرخەکە سەربڕین و پاککردن و هەڵکڕوزانیشی لەخۆ بگرێت.
فرۆشیارەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ناکۆکییە “بۆ ماوەی زیاتر لە 10 رۆژ مریشکی لە بازاڕی شارەکە نەهێشتووە، دوای ئەوەی پێشتر کیلۆیەک بە 28 هەزار لیرەی سووری دەفرۆشرا”.
ئاشکراشی کرد، هۆکاری نەمانی مریشک لە بازاڕەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ نزیکبوونەوەی مانگی رەمەزان، بەو پێیەی بازرگانان مەیلیان بۆ قۆرخکردنی بازاڕ لە مانگی رەمەزاندا زیاد دەکات، بۆ ئەوەی بە نرخێکی گرانتر بیفرۆشنەوە، بەمەبەستی زیادکردنی خواست لەسەریان لە مانگی رەمەزاندا.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا دانیشتووان لەبری مریشکی زیندوو، مریشکی فەرەنسی بەکاردەهێنن، کە هەر مریشکێکی بە 35 هەزار لیرەی سووری دەفرۆشرێت، لەکاتێکدا کیلۆیەک مریشکی سەربڕدراو لە دوکانەکانی بە 43 هەزار دەفرۆشرێت.