گفتوگۆیەک لە نێوان بەرپرسانی هەریەک لە تورکیا و ئەمریکادا ئەنجام دەدرێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرپرسانی ئەمریکا و تورکیا گفتوگۆ دەکەن بۆ تاوتوێکردنی ناکۆکی نێوان هەردوو وڵاتی ئەندامی ناتۆ، سەبارەت بە پرسەکانی سووریا و پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ رووسیا، پێش ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و هاوتا تورکەکەی ،سبەی هەینی لە واشنتۆن کۆببنەوە.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، کە گفتوگۆکان دەربارەی چەند دۆسیەیەک دەبێت، لەوانە سووریا، شەڕی ئۆکرانیا، هاوکاری بەرگری و وزە، شەڕی دژ بە”تیرۆر” و شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس.

دانوستانەکان بە ناوی “میکانیزمی ستراتیجی” وەک ئامادەکارییەک بۆ کۆبوونەوەیەک، کە سبەی هەینی لە نێوان ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و هاکان فیدان، هاوتا تورکەکەی بەڕێوەدەچێت.

بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگری مووشەکی ئێس-400ی رووسی لەلایەن ئەنقەرە لە ساڵی 2019 و دوورخستنەوەی لە بەرنامەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف35، واشنتۆن سزای بەسەر ئەنقەرەدا سەپاندبوو.

هەروەک واشنتۆن بێزاری خۆشی دەربڕیبوو، لە دواکەوتنی 20 مانگەی ئەنقەرە لە پەسەندکردنی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ، کە لە مانگی یەکی ساڵی رابردوودا واژۆ کرا.

دواتر کۆنگرێسی ئەمریکا رەزامەندی دەربڕی لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی ئێف16 بە تورکیا بە بەهای 20 ملیار دۆلار.

لای خۆشیەوە ئەنقەرە ناڕەزایی دەردەبڕێت بەرامبەر بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و پشتیوانی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە رۆژئاوای کوردستان، بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە