دۆزینەوەی 4 ژن لە کامپی هۆل کە بەستراونەتەوە و ئەشکەنجەدراون
حەسەکە – نۆرس پرێس
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (کە پێکهاتەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکراتە) گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە؛ تیایدا 4 ژن دەردەکەون کە بە زنجیری ئاسن بەستراونەتەوە و ئەشکەنجە دراون، لە کامپی هۆل لە رۆژهەڵاتی حەسەکە دۆزراونەتەوە.
گرتەکە پشکنینی یەکەیەکی ژنان پیشان دەدات؛ بۆ یەکێک لە چادرەکانی ناو کامپەکە و بۆ دۆزینەوەی ژنانی بەستراوە.
ئەمەش لە چوارچێوەی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی “مرۆڤایەتی و ئاسایشدا” دێت، کە زیاتر لە هەفتەیەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستیپێکردووە، بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی لە کامپەکەدا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕایگەیاندووە، “بە هەماهەنگی نێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و یەکینەکانی پاراستنی ژنان، لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە بۆ زانینی ئەو کەسانەی دەستیان لە ئەشکەنجەدانی ژناندا هەیە”.
لە گرتەکەدا دوو ژن رایانگەیاندووە کە خەڵکی عێراقن، پەڵە و ئاسەواری ئازاردان لەسەر دەستیان دەبینرێت.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوبەری خۆسەر، کامپی هۆل شوێنی نیشتەجێبوونی نزیکەی 29 هەزار عێراقییە، کە نیوەی دانیشتووانەکەی پێکدێنن.
لە گرتەڤیدیۆییەکەدا ژنێک دەردەکەوێت کە خۆی لە بەتانیەک ئاڵاندووە، کاتێکیش هەوڵدەدەن یارمەتی بدەن لە هەستانەوە، دەستی دەردەکەوێت کە بە لەفاف پێچراوە و شوێنەواری برینەکانی لە ژێرەوەیدا شاردبووەوە.