بلینکن: پاڵپشتیمان بۆ ئێزدییە رزگاربووەکانی دەستی داعش راگەیاند
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نادیە موراد، باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان و براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس پاڵپشتی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ ئێزیدیانی رزگاربووی دەستی داعش لە عێراق و سووریا راگەیاند.
بلینکن لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نادیە موراد دەڵێ، ” پاڵپشتی و هەڵوێستی نەگۆڕمان بۆ دادپەروەری و بوژانەوەی دۆخی ئێزدییەکان و رزگاربووانی دیکەی جینۆساید لە عێراق و سووریا دووپات کردەوە”.
لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال لە مانگی ئابی 2014دا، داعش کۆمەڵکوژی بۆ سەر ئێزیدییەکان ئەنجامدا و زیاتر لە شەش هەزار و کەسیان رفاند و هەزارەها ئاوارە و دەربەدەر بوون.