کوژرانی زیاتر لە 40 کرێکار بەهۆی هێرشێکی “داعش”ەوە لە دێرەزوور

دێرەزوور – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، بەهۆی هێرشێکەوە کە پێدەچێت پەیوەندی بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ەوە هەبێت، بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی کرێکارانی کۆکەرەوەی دومبەڵان، لە گوندەواری باشووری دێرەزوور، دەیان کەس کوژران و بریندار بوون.

لە هێرشەکەدا کە لە بیابانی کەباجب لە گوندەواری دێرەزوور روویداوە، چوار ئەندامی گروپەکانی “دیفاع وەتەنی” کە سەرپەرشتی کرێکارەکانی کۆکەرەوەی دومبەڵانیان دەکرد، هەروەها نزیکەی 40 کرێکار کە ژن و منداڵیان تێدا بوو، کوژران.

کەسوکاری ئەو کرێکارانە بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، هێرشبەرەکان 13 ئۆتۆمبێلی کاروانەکەیان سووتاندووە، وێنەکانیش لە سۆشیال میدیا بڵاوبوونەتەوە کە رادەی زیانی ئۆتۆمبێلە سووتاوەکان دەردەخەن.

بریندارەکان و کوژراوەکان بۆ نەخۆشخانەی ئەسەد لە دێرەزوور گواستراونەتەوە.

سەرچاوەیەکی پزیشکی لە نەخۆشخانەکەوە ژمارەی کوژراوانی بۆ نۆرس پرێس پشتڕاستکردووەتەوە.

سەرچاوەکانی دیکەی ناوچەکە باسیان لەوە کردووە کە هێزەکانی دیفاع وەتەنی و میلیشیای لیوای قودس هێزی زۆریان ناردووە بۆ ناوچەی هێرشەکە.

ئامادەکردنی: سەعید ئەلهایس – داڕشتنەوەی:تەیسیر محەممەد