لە یارییەكانی گەڕانەوەی قۆناغی 16 ی چامپیۆنزلیگ، ئەمڕۆ دوو یاری بەڕێوەدەچێت

هەولێر – نۆرس پڕێس

لە یارییەكانی گەڕانەوەی قۆناغی 16 ی چامپیۆنزلیگ، ئەمڕۆ كاتژمێر 11:00 دوو یاری بەڕێوەدەچێت، هەر یەكە لە یانەكانی ریال مەدرید و مانچستەر سیتی لە نێو یاریگای خۆیان یاری دەكەن.

یانەی مانچستەر سیتی لە نێو یاریگای خۆی رووبەڕووی یانەی كۆبنهاگنی دانیماركی دەبێتەوە، یاری چوونی نێوان هەردوو یانە بە سەركەوتنی یانە ئینگلیزییەكە كۆتایی هاتبوو بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك. بۆیە بۆ ئەم یارییە مانچستەر سیتی تا ڕادەیەك ئەركی ئاسانە.

لە یارییەكی دیكەدا یانەی ریال مەدرید لە نێو یاریگای خۆی رووبەڕووی یانەی لایپزیكی ئەڵمانی دەبێتەوە.

 ڕیال مەدرید لە یاری چوون بەرامبەر لایپزیگ لەناو یاریگای ڕێدبول ئارێنا بە ئەنجامی (1-0) سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو.