ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گروپەکانی سەر بە تورکیا خۆپیشاندانی بەرفراوان بەخۆوەدەبینن

ئیدلیب/گوندەواری باکووری حەڵەب – نۆرس پرێس

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لە چەندین شار و شارۆچکەی ژێر دەسەڵاتی گروپەچەکدارەکانی سەر بە تورکیا خۆپیشاندانی بەرفراوان بەڕێوەچوون، لە ئیدلب و گوندەوارەکانی و ناوچەکانی گوندەواری حەڵەب، خۆپیشاندانی بەرفراوان دژ بە دەستەی تەحریرشام، “بەرەی نوسرەی پێشوو” و سەرکردەکەی “ئەبو محەمەد ئەلجولانی” ئەنجامدران.

نزیکەی هەفتەیەکە ناوچەکانی باکوور و رۆژئاوای سووریا خۆپیشاندانی بەردەوام دژ بەو دەسەڵاتەی، کە ناوچەکەی کۆنترۆڵکردووە بەڕێوەدەچێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە زۆرێک لە داواکارییەکان لەلایەن دانیشتوانی ئەو شار و شارۆچکانەوە دژ بەو گروپەچەکدارانە دەخرێنەڕوو و داوای جێهێشتنی ناوچەکانیان لێ دەکەن.

هەروەک دەیان کەس لە دانیشتووانی شاری باب، لە گوندەواری رۆژهەڵاتی حەڵەب بۆ هاودەنگی خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی ئیدلب و گوندەوارەکەی، دژ بە تەحریرشام و سەرکردەکەی رژانە سەر شەقام و هاوسۆزیان بۆ دانیشتوانی سوەیدا، دژ بە حکومەتی دیمەشق دەربڕی.

پەیامنێری نۆرس پرێس رایگەیاند، “ئیدلب، ناوچەکانی بنیش و ئەلفەوا و شارەکانی ئەلئەتاریب و دارەت عززە، رۆژئاوای حەڵەب، ئەمڕۆ شایەتحاڵی خۆپیشاندانەکانی دژ بە تەحریرشام بوون، ئەمەش پێنجەم رۆژە لەسەر یەک کە ئەم خۆپیشاندانانە بەردەوامن.

گوتیشی، ئەندامانی تەحریرشام بە فیشەک وەڵامی خۆپیشاندەرانیان داوەتەوە، ئەوەش توڕەیی لای دانیشتوان و خۆپیشاندەران لێکەوتوەتەوە.