بەڕێوبەریی خۆسەریی هۆشداری دەدات لە کەوتنەوەی کارەساتێکی ژینگەیی

دیمەشق– نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوبەریی خۆسەریی دیموکرات رۆژئاوای کوردستان هۆشدارییدا لە کەوتنەوەی کارەساتێکی ژینگەیی راستەقینە بەهۆی بڵاوبوونەوەی مادەیەکی ژەهراوی لە رووباری فورات، ئەویش لە ئەنجامی تەقینەوەیەکەوە لە کانێکی زێڕدا لە تورکیا، کە لە مانگی رابردوودا روویدا.

تەقینەوەی کانێکی زێڕ لە ناوچەی ئەرزینجان لە رۆژهەڵاتی تورکیا بووە هۆی داڕوخانێکی زۆری زەوی، هەروەها ترس لە بڵاوبوونەوەی ماددەی کیمیایی مەترسیداری “سیانید” هەیە لە بنی رووبارەکەدا، کە ماددەیەکە لە کانگاکانی زێڕدا بەکاردێت و لەگەڵ کەڵەکە داڕماوەکانی خاکەکەدا سیانید و سولفوریک رژاونەتە ناو رووبارەکەوە.

دەستەی ژینگەی بەڕێوبەریی خۆسەریی لە راگەێنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە تورکیا ئەم بابەتە دەشارێتەوە و بەم نزیکانە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم تەقینەوەیە لە رووباری فورات دەردەکەوێت کە بە سووریا و عێراقدا تێدەپەڕێت.

بەرپرسێکی بەشی ئاو لە کۆبانێ، کە شاریکی نزیکە لە رووبارەکە، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، نمونەیەک لە ئاوەکەیان ناردووە بۆ شیکاری لە تاقیگەکانی رەققە و چاوەڕوانی ئەنجامی شیکارییەکەن.

لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوبەریی خۆسەرییدا داوا لە رای گشتی و رێکخراوە ژینگەپارێزە نێودەوڵەتییەکان کراوە، کە پەیوەندییان بە ژینگە و کەشوهەوا هەیە، “ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان لە گرنگیدان بە ژینگە و پاراستنی کۆمەڵگا جێبەجێ بکەن”.

داڕشتنەوەی: عەگید مشمش