ڕاپۆرتێکی ئەڵمانی: زیاتر لە 6000 پزیشکی سووری لە ئەڵمانیان

دیمەشق – نۆرس پرێس

ڕاپۆرتێکی ئەڵمانی ڕۆژی دووشەممە ئاشكرایكردووه‌ سورییەکان گەورەترین گرووپی پزیشکانی بیانی پێکدەهێنن کە لە ئەڵمانیا کاردەکەن و لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا ژمارەیان گەیشتووەتە 6120 پزیشک.

ئەم ڕاپۆرتە کە لەلایەن كۆمه‌ڵه‌ی میدیایی “فونکە”ی ئەڵمانییەوە بڵاوکراوەتەوە، لەسەر بنەمای سەرژمێری پزیشکانی سەر بە ژووری پزیشکانی فیدراڵی ئەڵمانیا.

ڕوونیشیکردەوە، زۆربەی ئەو پزیشکانەی کە پاسپۆرتی ئەڵمانییان نییە، لە وڵاتانی سەر بە یەکێتیی ئەوروپا یان وڵاتانی دیکەی ئەوروپای دەرەوەی یه‌كێتییه‌كه‌ هاتوون، ئەمە جگە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە بۆ پزیشكه‌ بیانییه‌كان، 6120 پزیشکی سووری له‌ ئه‌ڵمانیا هه‌ن و له‌ پله‌ی یه‌كه‌م هاتوون، دواتر رۆمانییه‌كان 4668 پزیشك له‌ پله‌ی دووه‌م دێن، ئینجا نەمساییەکان بە 2993 پزیشک له‌ پله‌ی سێیه‌م دێن ،

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا ژمارەی ئەو پزیشکە بیانییانەی لە ئەڵمانیا کاردەکەن، دوو هێندە زیادی کردووە و تا کۆتایی ساڵی ڕابردوو گەیشتووەتە 63 هەزار و 763 پزیشک.

داڕشتنه‌وه‌ی: عەبدولسەلام خۆجە