کۆچبەرانی عێراق: نزیکەی 600 کەسی دیکە لە کەمپی هۆلەوە دەگەڕێندرێنەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاندووە، کە هەفتەی داهاتوو ژمارەیەکی دیکەی هاووڵاتیانی عێراقیی کامپی هۆل دەگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.

عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئەمرۆ بە ئاژانسە ناوخۆییەکانی عێراقی راگەیاندووە، کەوا بڕیارە هەفتەی داهاتوو ژمارەیەکی دیکە لە عێراقییەکانی کامپی هۆل بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکەیان.

بە گوێرەی گوتەبێژی وەزارەتەکە، ئەوانەی دەگەڕێندرێنەوە نزیکەی 150 خێزانن و ژمارەیان نزیکەی 600 کەسە.

کامپی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و بە بۆمبە کات بۆداڕێژراوەکە ناسراوە، نزیکەی 60 هەزار ئاوارە و ژن و منداڵی چەکدارانی داعشی تێدایە.

جگە لە بوونی ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی بیانی، زۆربەی ئەوانەی لەنێو ئەو کامپەدان خەڵکی عێراق و سووریان.

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، رۆژی 2ی ئازاری 2024 لە کۆڕبەندی ئەنتالیا لە پانێڵێکدا بەناونیشانی “ئاڵنگاریی نوێ لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر”دا قسەی کرد و لەبارەی کامپی هۆلەوە گوتی، “20 هەزار عێراقی خوار تەمەن 18 ساڵ لە کامپی هۆلدا بوونیان هەیە، ئەوانەش وەک بۆمبی چێندراون بۆ ئاییندە”.

راشیگەیاند، “تاوەکو ئێستا 1924 خێزانی کامپی هۆلمان گەڕاندووەتەوە، کە لە 5567 کەس پێکهاتوون و 1230یان گەڕێندراونەتەوە زێدی خۆیان لە شوێنە جیاوازەکانی عێراق.