دۆزینەوەی تەرمی بێسەروشوێنبووانی هێزەکانی حکوومەتی سووریا لە بیابانی دێرەزوور

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، کرێکارانی دومبەڵان لە بیابانی رۆژئاوای دێرەزوور تەرمی ئەندامانی هێزەکانی (دیفاع وەتەنی) سەر بە حکوومەتی سووریایان دۆزیەوە، کە چەند رۆژێک پێشتر لە بیابانی ئەلبوشری بە گولـلەی دەمانچە کوژرابوون.

دوێنێ شەممە، لە بیابانی ئەلبوشری لە رۆژئاوای دێرەزوور، دوو کرێکاری دۆزینەوەی دوبمەڵان، بەهۆی تەقینەوەی مینێکەوە لەسەر ماتۆڕسکیلەکەیان، گیانیان لەدەستدا.

سەرچاوەیەکی سەربازی لە (دیفاع وەتەنی)ەوە رایگەیاند، کۆمەڵێک کرێکاری دومبەڵان تەرمی هەشت ئەندامی (دیفاع وەتەنی)یان دۆزیوەتەوە کە لە 21ی شوباتی رابردوودا پەیوەندییان لەگەڵیان لەدەستداوە و بەهۆی گولـلەی دەمانچەوە  لە بیابانی ئەلبوشیری لە گوندەواری رۆژئاوای دێرەزوور کوژراون.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، کوشتنەکە چەند رۆژێکی بەسەردا تێپەڕیووە، ئەوەش بەپێی گوتەی پزیشکی دادوەری، لەکاتێکدا چارەنووسی ئەوانی دیکە تا ئێستا نادیارە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، هێزەکانی (دیفاع وەتەنی) بۆ گەڕان بەدوای چارەنووسی سەربازەکانیاندا ئەو کۆمەڵە کرێکارە و هێزی زۆریان هێنایە بیابانی ئەلبوشری، بەڵام تا ئێستا ئەنجامی نەبووە.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان