هۆشداری دەدرێت لە کەوتنەوەی کارەساتێکی ژینگەیی پاش نقومبوونی کەشتیەک لە لایەن حوسییەکانەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، کەشتیی “روبیمار” کە کۆمپانیایەکی بەریتانیی خاوەندارێتی دەکات ، دوای ئەوەی لە 18ی شوباتدا هێرشی کرایە سەر بە مووشەکێکی بالیستی دژە کەشتیی، کە لەلایەن حوسییەکانەوە هەڵدرابوو، نوقم بوو، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هۆشدارییان لە مەترسییەکانی ژینگەدا، بەهۆی بوونی پەینی کیمیایی فۆسفاتی گۆگرد لە کەشتییەکەدا .
سەرەڕای راگەیاندنی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی لە دەریای سوور و هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر حوسییەکان، بەڵام تا ئێستا هێرشەکانیان لە دەریای سوور رانەگیراون.
فەرماندەیی ئەمریکا لە پلاتفۆرمی X رایانگەیاندووە، کە نزیکەی 21 هەزار تۆن پەینی گۆگرداتی فۆسفات ئەمۆنیۆم، کە کەشتییەکە هەڵیگرتبوو، مەترسییەکی ژینگەیی لە دەریای سووردا درووستکردووە.
دوێنێ شەممە، حکومەتی یەمەن رایگەیاند، کەشتییەکە کە پەینی سووتێنەری هەڵگرتبوو لە دەریای سووردا نوقم بووە و هۆشدارییدا لە روودانی کارەساتی ژینگەیی لە ناوچەکەدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، نوقمبوونی کەشتییەکە پێشبینیکراو بووە، بەهۆی وازهێنان لە کەشتییەکە بۆ زیاتر لە 12 رۆژ و وەڵامنەدانەوەی بانگەوازەکانی حکومەتی یەمەن بۆ خۆپاراستن لە کارەساتەکە.