قاهیرە.. دانوستانەکانی تایبه‌ت به‌ دەستپێکردنەوەی ئاگربەست لە غەززە ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئاژانسی هه‌واڵی رۆیتەرز، ئه‌مڕۆ شەممە رایگەیاند، بڕیارە سبەی یەکشەممە لە قاهیرە دانوستانەکانی تایبه‌ت به‌ ئاگربەست لە غەززە دەستپێبکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووه‌، لایەنەکان لەسەر ماوەی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان و دەستگیرکراوەکان ڕێککەوتوون.

ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانی میسرەوە ڕایگەیاندووە، تەواوکردنی ڕێککەوتنەکە هێشتا پێویستی بە ڕێککەوتن هەیە لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باکوری غەززە و گەڕانەوەی دانیشتووانەکەی.

راشگه‌یاندراوه‌ چاوەڕوان دەکرێت لە چوارچێوەی دانوستانەکان سەبارەت بە ئازادکردنی بارمتەکان و ڕێککەوتنی ئاگربەست، شاندێکی ئیسرائیلی بگاتە قاهیرە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕیاز مالیکی، وەزیری دەرەوەی فەلەستین رایگەیاند، دەسەڵاتی فەلەستین هیوادارە تا مانگی ڕەمەزان بگەنە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە.

داڕشتنه‌وه‌ی: عەبدولسەلام خۆجە