لە ماوەی مانگێکدا دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 18 هەزار هاووڵاتی سوورییان دیپۆرت كردووەتەوە

ئیدلب – نۆرس پرێس

لە مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 18 هەزار پەنابەری سورییان لە خاکی وڵاتەکەیان لە ڕێگەی چەند دەروازەیەکی سنوورییەوە دیپۆرت كردووەتەوە.

سەرچاوە كارگێڕییەكان لە سێ دەروازەی باکوری سوریا ئاشکرایان کردووە، دەسەڵاتدارانی تورکیا لە ماوەی مانگی شوبات زیاتر لە 18 هەزار هاووڵاتی سوریایان بە زۆرەملێ دیپۆرت کردووەتەوە بۆ ناو خاکی سوریا.

سەرچاوەیەكی كارگێڕی لە دەروازەی سنووریی باب ئەلهەوا لەگەڵ تورکیا، لە باکوری ئیدلب، ئاماژەی بەوەكردووە، ژمارەی ئەو کەسانەی لەم دەروازەوە دیپۆرتکراونەتەوە بۆ ناوچەکانی ئیدلب کە دەستەی تەحریر شام (بەرەی نوسرە) ی پێشوو کۆنترۆڵی كردووە گەیشتووەتە هەشت هەزار و 700 کەس.

هەروەها سەرچاوەیەك لە دەروازەی باب ئەلسەلامە رایگەیاندووە، ژمارەی دیپۆرتکراوان لە تورکیاوە لە ڕێگەی دەروازەی باب سەلامەوە لە ماوەی مانگی شوباتدا گەیشتە نزیکەی شەش هەزار و 400 کەس”.

لای خۆیەوە سەرچاوەیەكی کارگێڕی لە دەروازەی گرێ سپی رۆژئاوای كوردستان ئەوەی خستووەتەڕوو، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی تورکیا سێ هەزار سورییان لە ڕێگەی دەروازەکەوە دیپۆرت کردووەتەوە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ژمارەی ئەو منداڵ و ژنانەی دیپۆرتکراونەتەوە لە کۆی گشتی ژمارەکە نزیکەی هەزار و 650 کەس بووە و زۆرینەیان لەڕێگەی دەروازەی باب ئەلهەوا دیپۆرت كراونەتەوە.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: سەعد یازیچی