لە ئێران هەڵبژاردن دەستیپێکرد.. چاوەڕوانی گۆڕانکاریی سیاسی لێناکرێت

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، هەڵبژاردن لە ئێران دەستیپێکرد، تیایدا 61 ملیۆن ئێرانی مافی دەنگدانیان هەیە، لە کاتێکدا کەمی بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بەدی دەکرێت، بەهۆی پێشبینی زۆرە بۆ بردنەوەی موحافزکارەکان، چاوەڕوانی ئەوە لەو هەڵبژاردنە ناکرێت، کە گۆڕانکاریی سیاسی لێ بێتە ئاراوە، لە کاتێکدایە ئۆپۆزسیۆنی کورد و ئێرانی داوای بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردووە.

ئایەتوڵڵا خامنەیی، رابەری کۆماری ئیسلامی، لە کاتژمێر 8ی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، بە کاتی کاتی ئێران دەنگ دا و داواشی لە خەڵک کرد بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

خامەنەئی لە راگەێنراوێکی کورتدا داوای لە ئێرانییەکان کرد “بە زووترین کات دەنگ بدەن”، دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە داوای لە خەڵکی ئێران کرد بەشداریکردنی بەرفراوان بکەن و هۆشداریشیدا “ئەگەر هەڵبژاردن لاواز بێت، هیچ کەس سوودمەند نابێت و هەمووان زیانمان پێدەگات”.

لە دوایین راپرسیدا، کە لە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی بەوە کراوە 41%ی ئەوانەی بەشدارییان لە راپرسییەکەدا کردووە، بەشداری پرۆسەی دەنگدان دەکەن.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێرانی ساڵی 2020 لە دوای راگەیاندنی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی 1979ەوە کەمترین رێژەی بەشداربووان بەخۆیەوە بینیوە، بە پێی ئامارە فەرمییەکان تەنیا لە 42%ی دەنگدەران بەشداریان کردووە.

پرسی هەڵبژاردنەکان لەلای دەسەڵاتدارانی ئێران گرنگییەکی زۆری هەیە، بەو پێیەی دەسەڵات وەک بەڵگەی شەرعیەتدان بە خۆی لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی دەیخەنە ڕوو.

واشنتۆن رۆژی پێنجشەممە رەخنەی لە هەڵبژاردنەکانی ئێران گرت، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند “هیچ چاوەڕوانی ناکرێت، هەڵبژاردنی ئێران ئازاد و دادپەروەرانە بێت و گومانمان هەیە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئێران چاوەڕێی ئەوە بکەن هەڵبژاردن ئازاد و دادپەروەرانە دەبێت”.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی ” لە ئێستادا هەزاران کاندید لە پرۆسەیەکی ناشەفافدا بێبەش کراون و جیهان لە مێژە دەزانێت کە سیستەمی سیاسی ئێران بە سیستمی ئیداری، دادوەری و هەڵبژاردنی نادیموکراتیک و ناشەفافە”.

لە نەبوونی کێبڕکێی راستەقینە لەگەڵ ریفۆرمخوازان و میانڕەوەکاندا، رووبەڕووبوونەوەکە لە کۆنەپارێزەکاندا  هێڵی تونددا سنووردارەو پارسەنگی هێز بەلای ئەواندایە.

سەرجەم لایەنە کوردیەکان و ئۆپزسیۆنی ئێرانی کە سەرکردەکانیان لە دەرەوەی ئێران داوای بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکەن.