مەسرور بارزانی لە گەڵ کۆمەڵێک ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا کۆبووەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵێک لە ئەندامانی کۆنگرێس کۆبووەوە و جەختی لە جێبەجێکردنی دەستوور و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پاراستن و رێزگرتن لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان کردەوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە روپەڕی فەرمی خۆی لە پلاتفۆڕمی (ئێکس) شەوی دوێنێ بڵاویکردەوە، کە لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا کۆبووەتەوە و سوپاسی هاریکاری و پشتیوانیی ئەمەریکای کردووە و دەڵێ: “ئاماژەم بە گرنگیی جێبەجێکردنی دەستوور و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پاراستن و رێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و فیدرالی هەرێمی کوردستان و مافی پێکهاتەکان کردەوە”.
روپيری فەرمی مەسرور بارزانی گرتەی ڤیدیۆیی دیدارەکەی لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس بڵاوکردووەتەوە و بە زمانی ئینگلیزی نوسیوویەتی: “بە دۆستانی کۆنگرێسمان وت دەبێت دەستوور پارێزەری خاک بێت، ئەمەش هەر ئەوەیە کە لایەنەکانی عێراق لە ساڵی 2005دا واژۆیان لەسەر کردووە”.
دەشڵێ: “ناکۆکییەکانمان ئەنجامی جێبەجێنەکردنی دەستوورە، با کێشەکان لەرەگەوە چارەسەر بکەین”.