سوپای ئیسرائیل ئۆتۆمبێلێکی لە گوندەواری حومس کردە ئامانج

حومس – نۆرس پرێس

ئێوارەی پێنجشەممە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلی ئۆتۆمبێلێکی بە مووشەکێکی ئاراستەکراو لە گوندەواری شاری ئەلقەسیر لە باشووری رۆژئاوای حومس کردە ئامانج.

رۆژی چوارشەممەی رابردووش، بۆردومانی ئیسرائیل ناوچەی سەیدە زەینەبی لە گوندەواری دیمەشقی پایتەخت کردە ئامانج و هێزەکانی حکومەت رایانگەیاند، کە بەرگری ئاسمانییان چەند مووشەکێکیان خستۆتە خوارەوە.

میدیای حکوومەتی سووریا رایانگەیاند، “ئۆتۆمبێلێک لە نزیک گوندی ئەلنەهریە لە گوندەواری ئەلقەسیر کراوەتە ئامانج، زانیارییە سەرەتاییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج”.

میدیاکەی حکوومەت روونیکردەوە، کە بە ئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلەکە بووەتە هۆی “مردنی کەسێک و برینداربوونی کەسانی دیکە”.

داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی