هیومان رایتس وۆچ بەرپرسیارێتی پێشێلکارییەکان لە رۆژئاڤا دەخاتە ئەستۆی تورکیا

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، هیومان رایتس وۆچ رایگەیاند، تورکیا بەرپرسیارێتی پێشێلکارییە گەورەکان و تاوانی جەنگی لە ئەستۆدایە لەو ناوچانەی رۆژئاوای کوردستان، کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بەوانەوە داگیر کراون.

ئادەم کوغڵ، جێگری بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ رایگەیاند، “بەرپرسانی تورکیا تەنها تەماشاکەری پێشێلکارییەکان نین، بەڵکو وەک دەسەڵاتی داگیرکەر بەرپرسیارێتییان لەسەرە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەندێک حاڵەتدا راستەوخۆ دەستیان هەبووە لە تاوانە جەنگییەکاندا، لەو شوێنەی کە تورکیا پێی دەڵێت “ناوچەی سەلامەت”.

راشیانگەیاندووە کە “داگیرکردنی بەشێک لە باکووری سووریا لەلایەن تورکیاوە، ئاسانکاری بۆ دروستکردنی کەشوهەوای نایاسایی کردووە، کە پێشێلکاری و لێنەپێچینەوە لە سزای تێیدا زاڵ بووە و ئەوەش دوورە لە ناوهێنانی بە ناوچەیەکی سەلامەت”.

کوغڵ گوتی: پێشێلکارییەکانی ئێستا، لەوانەش ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ دژی ئەو کەسانەی لەژێر دەسەڵاتی تورکیادا دەژین لە باکووری سووریا، بەردەوام دەبن، ئەگەر تورکیا خۆی بەرپرسیارێتی هەڵنەگرێت و هەنگاو نەنێت بۆ راگرتنیان.

لە راپۆرتەکەی هیومان رایتس وۆچدا هاتووە، کە کوردەکان روبەڕووی قورسایی ئەو پێشێلکارییانە دەبنەوە، ئەوەش بە هۆی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانیانەوە لەگەڵ هێزە کوردەکان لە باکوری رۆژهەڵاتی سووریا.

دووپاتیشی کردەوە کە تورکیا پابەندە بە گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەلامەتی گشتی و پاراستنی دانیشتوان و لێپرسینەوە لەو کەسانەی بەرپرسیارن لە پێشێلکارییەکان و قەرەبووکردنەوە و زامنکردنی مافی خاوەن موڵک و گەڕاوەکان.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکە، میلیشیاکانی “جەیش وەتەنی” و “شورتەی عەسکەری” کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن، پێشێلکارییان لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا ئەنجامداوە، کە هەندێکجار بەرپرسانی سەربازی و هەواڵگری تورکیا لەو پێشێلکارییانەدا دەستیان هەبووە.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە