بەڕێوبەری خۆسەری یاسای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان پەسەند دەکات
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی دیموکراتی گەلان لە رۆژئاوای كوردستان یاسای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ناوچەکانی بەڕێوبەری خۆسەری.
ئەنجومەنەكە 94ەمین دانیشتنی ئاسایی خۆی بە ئامادەبوونی 78 ئەندام ئەنجامدا. بۆ پەسەندکردنی یاساکە، کە ڕێکارێکی سەرەتاییە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە بڕیارە مانگی نیسانی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
سیهام قریۆ هاوسەرۆکی ئەنجومەنی دیموکراتی گەلان رایگەیاند، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە 20 ئەندام پێکدێت، کە ماوەی ئەندامێتییان چوار ساڵە، دواتر دەكرێ ئەندامێتیان نوێبكرێنەوە.
بەپێی یاساکە، ئەو بڕگانەی کە نۆرس پرێس پێداچوونەوەی بۆ کردووە، ئەرکەکانی کۆمسیۆن بریتین لە ئامادەکردنی تۆماری دەنگدەران بۆ ئەو کەسانەی کە مەرجەکانی دەنگدانیان تێدایە، پەسەندکردنی لیستی قەوارە سیاسییەکان و سەربەخۆکان، دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنەکان و بڕیاری تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.
کۆمیسیۆن لە ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان چەند لیژنەیەكی هەیە، لەوانە لیژنەی چاودێری و وردبینی و تانەدان.