پیدەرسن داوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لیژنەی دەستووری دەکات لە جنێڤ

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا داوای لە لایەنە سوریاییەکان کرد کە خولی نۆیەمی دواخراوی لیژنەی دەستووری ئەو وڵاتە، لە مانگی نیسانی داهاتوودا لە جنێڤ، بەبێ دەستوەردانی وڵاتانی کاریگەر، بەڕێوەببەن.

خولی هەشتەمی دانوستانەکانی لیژنەی دەستووری لە نێوان 30ی ئایار تا 3ی حوزەیرانی 2022 بەڕێوەچوو، بەبێ ئەوەی بگەنە کۆدەنگی نێوان لایەنەکان، هاوکات “دەستووریی”بوون، کاریگەری لەسەر ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات بوو، ئەوەش بەهۆی دوورخستنەوەی پارتێکی سووریی، کە نزیکەی یەک لەسەر سێی جوگرافیای وڵاتەکە پێکدێنێت.

گەیر پیدەرسن، ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی رووسیا رایگەیاند کە “چیتر سویسرا بە بێلایەن نازانێت”، گەڕی نۆیەمی دانوستانەکان دواخرا.

رۆژنامەی ‘ئەلوەتەن’ی سووری لە زاری سەرچاوەکانەوە رایگەیاندووە کە پێدەرسن سوور و پەلەیە لە بەردەوامبوون لە داوای ئەنجامدانی خولی داهاتووی دانوستانەکانی ‘دەستووری’ لە جنێڤ، کە بە گوتەی رۆژنامەکەی حکومەتی سووریا “پێدەچێت ئەمە بۆ شەرمەزارکردنی رووسیا و ناڕەزایەتییەکان بێت لە ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوانە”.

پێدەرسن داوای لە لایەنەکان کرد وەڵامی ئەرێنی بدەنەوە بۆ ئەو بانگهێشتنامەیە، نیگەرانی قوڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بە پێشهاتەکانی سەر زەوی لە سووریا، ئاماژەی بەوەشکرد کە کاردانەوەی ململانێکانی ناوچەیی بە روونی لە سووریادا دەبینرێت.

ناوبراو لە میانی لێدوانەکەیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش ئاماژەی بەوەشکرد، “داوا لە لایەنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان دەکەم پشتگیری لەو رێوشوێنانە بکەن کە نەتەوە یەکگرتووەکان وەک ئاسانکارێک گرتوویانەبەر و خۆیان لە دەستوەردان سەبارەت بە شوێنی کۆبوونەوەکانی لیژنەکە بەدوور بگرن”.

بڕیارە مانگی ئازاری داهاتوو نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی دیمەشق بکات.

لە کاتێکدا مارتن گریفیتس، جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی و رێکخەری فریاگوزاری لە میانی بەشداریکردنی لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە سووریا رایگەیاند، کە نزیکەی 16.7 ملیۆن کەس لە سووریا پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان