ئوردن دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی زۆر لە ماددە هۆشبەرەکانی راگەیاند

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، دەسەڵاتدارانی ئوردن رایانگەیاند، دوو هەوڵی بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەریان پووچەڵکردۆتەوە، کە بە گوتەی خۆیان لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێوە (بەبێ ئەوەی دیاری بکەن) هەوڵی ئاودیوکردنیان دەدرا و پێدەچێت مەبەستیان لە سووریا بێت، کە بەزۆری لە رێگەی سنوورەکانییەوە ماددەی هۆشبەر بە قاچاخ دەگوازرێتەوە بۆ ئوردن .

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی ئوردن رایگەیاند، هەوڵێکی بەقاچاخبردنی ملیۆن و نیوێک حەبی ماددەی هۆشبەریان لە وڵاتێکی دراوسێوە پووچەڵ کردوەتەوە، کە لە شوێنێکی نهێنی، لە ناو ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگردا شاردرابووەوە، هەروەها 6 کەسیشیان دەستگیرکرد، کە تێوەگلابوون لە بەقاچاخبردنەکەدا.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاماژەی بەوەشکردووە، کەسێکیان دەستگیرکردووە کە ویستوویەتی 2 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری بلوریی بە قاچاخ ببات و هەوڵی بەقاچاخبردنی 70 هەزار حەبیشیان پووچەڵ کردووەتەوە، توانیویانە ئەو کەسە تێوەگلاوانە لە دەروازەی سنووری جابر لەگەڵ سووریا دەستگیر بکەن.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان