دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەمریکا و بەریتانیا سەپاندنی سزایان بەسەر جێگری فەرماندەی سوپای قودسی ئێران، محەممەد رەزا فەلاحزادە و ئەندامێکی بزووتنەوەی حوسییەکانی یەمەندا راگەیاند.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە راگەێنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، “سزاکان خاوەن و بەڕێوەبەری کەشتییەکیشی گرتەوە کە بۆ ناردنی کەلوپەلی ئێرانی و فرۆشتنی بۆ پاڵپشتی حوسییەکان و سوپای قودسی ئێرانی بەکاردەهێنرا”.
راشیانگەیاند، فەلاحزادە “وەک ئەفسەرێک لە سوپای پاسدارانی ئێران لە سووریا لە سەردەمی شەڕی ئەو وڵاتەدا، بەشداری لە شەڕەکانی حەڵەبدا کردووە، کە بووەتە هۆی وێرانکاری و زیانێکی بەرفراوان لەنێو هاووڵاتیانی سڤیلدا”.
بەگوێرەی راگەێنراوەکە، سزا نوێیەکان، ئیبراهیم ئەلناشری، ئەندامی گرووپی حوسییەکانیشی بە هۆی پاڵپشتیکردنیەوە بۆ ئۆپەراسیۆنە چەکدارییەکانی ئەو گرووپە، گرتووەتەوە.