مەسعوود بارزانی: مۆدێلی دیموکراسی لە عێراق لەژێر هەڕەشەدایە
هەولێر – نۆرس پرێس
لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ مۆنتیکارلۆ ئینتەرناشناڵ، مەسعوود بارزانی، کەسایەتی سیاسی کورد و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، دیموکراسی لە عێراق لە ژێر هەڕەشەدایە و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە جێبەجێکردنی مەرجەکانی رێککەوتنی سیاسیی لە گەڵ هەرێمی کوردستان، رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە، کە رێگەی بە بەشداریکردن کورد لەم حکومەتەدا داوە، هەروەها چەند لایەنێک تۆمەتبار دەکات بە هەوڵی رێگریکردن لە کارەکانی حکومەتی فیدراڵی.
بارزانی ئاماژەی بە دۆخێکی نیگەرانکەر کرد، بەهۆی ئەو مەترسیانەی کاریگەرییان لەسەر مۆدێلی دیموکراسی لە عێراق داناوە، گوتیشی هەڕەشەکە لە ناوەوە و لە دەرەوەش هەیە.
سەبارەت بە پەیوەندی نێوان هەولێر و سلێمانی، بارزانی نیگەران بوو لەو دۆخی دابەشبوونەی هەرێمی کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، روونیشیکردووە، کە جیاوازی لە پرس و ئامانجە ستراتیجییەکاندا، له نێوان هەردوو لایەنی رکابەردا لە ناوچەکەدا هەیە، بەڵام ئاماژەی بە هەوڵە بەردەوامەکانیش کرد بۆ یەکگرتنی کورد و زاڵبوون بەسەر جیاوازییەکاندا.
سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران، بە تایبەت لە دوای هێرشی ئەم دواییەیان بۆ سەر هەولێر، کە هاووڵاتیانی سڤیل گیانیانلەدەستدا، بارزانی هەموو ئەو تۆمەتانەی ئێرانی رەتکردەوە، کە گوایە کاریگەرییان هەبووە بۆ دابینکردنی پەناگەیەک بۆ دوژمنانی ئێران، بە تایبەت ئەو تۆمەتە “درۆیانە”ی، کە باس لە بوونی (مۆساد) لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا دەکەن، ئاماژەی بەوە کرد، “تاران نەیتوانی وەڵامی زلهێزەکان بداتەوە و هەولێری کردە بیانوو بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ئەم شکستەی”.
گوتیشی، ” من بێگومانم ئەگەر بارەگای مۆساد لە هەولێر هەبووایە ئێران نەیدەتوانی بۆردوومانی بكات”.
دەربارەی بڕیارەکانی ئەمدواییەی دادگای فیدڕاڵیش گوتی: ” ئێمە نیگەرانیین لە بڕیارەكانی ئەمدواییەی دادگای فیدراڵی، کە دژ بە هەرێمی كوردستانە و دادگای فیدراڵی دەسەڵاتە دەستورییەكانی خۆی تێپەڕاندووە و دادگایەكی دەستووری نییە و بڕیارەكانی بە پلەی یەکەم دژ بە هەرێمی كوردستانە”.