ماکرۆن پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی بۆ گەیاندنی مووشەکی دوو مەودا بە ئۆکرانیا راگەیاند
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی سەربازی بۆ گەیاندنی مووشەکی مەودای مامناوەند و دوور بۆ ئۆکرانیا راگەیاند، هەروەها جێگیرکردنی هێزی زەمینی فەرەنسای لە ئۆکرانیا بە دوور نەزانی.
شەممەی رابردوو هاوکات لەگەڵ دووهەمین ساڵیادی دەستپێکردنی شەڕی رووسیا لە دژی ئۆکرانیا، ناتۆ پابەندبوونی خۆی بە پشتیوانیکردن و بەهێزکردنی تواناکانی ئاسایش و بەرگری ئۆکرانیاوە راگەیاند.
دوێنێ دووشەممە، ماکرۆن لە کۆتایی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا گوتی “بڕیاردرا هاوپەیمانێتییەک بۆ پشتیوانی ئۆکرانیا دروست بکرێت بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی مووشەکی مەودا درێژ و قوڵاییبڕ”.
گوتیشی: لە کۆبوونەوەی زیاتر لە 20 سەرۆکی وڵات و سەرۆکوەزیران هیچ کۆدەنگییەک لەسەر بەکارهێنانی هێزی زەمینی نەبووە.
بەڵام گوتیشی جێگیرکردنی هێزی زەمینی فەرەنسا لە ئۆکرانیا رەت ناکاتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە هەر وڵاتێک دەتوانێت سەربەخۆ و سەروەرانە بڕیار بدات بۆ جێگیرکردنی هێزی زەمینی.
سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، هێشتا بڕیار لەسەر رادەستکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی “میراج”ی فەرەنسی نەدراوە، بەڵام دەزگا سەربازییەکانی فەرەنسا کە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ ئۆکرانیا، هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوەدان.