داعش: لە دێرەزوور سێ هێرشمان كردووەتە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات

دێرەزوور – نۆرس پرێس

پێگە ئەلیکترۆنییەکانی نزیک لە ڕێکخراوی تیرۆریستی (داعش) دوێنێ دووشەممە رایانگەیاند، ڕێکخراوەکە سێ هێرشی دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە گوندەواری دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامداوە.

دەزگای ئەلیکترۆنی ئەعماقی سەر بە رێكخراوی تیرۆریستی داعش بڵاویکردووەتەوە، چەکدارانی ڕێکخراوەکە، بارەگایەکی هێزەكانی سووریای دیموکراتیان لە گوندی توامیە لە ناحیەی بوسەیرەی رۆژهەڵاتی گوندەواری دێرەزوور کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ئەندامێكی هەسەدە كوژراوە.

ئەو پێگەیە لە راگەیەندراوێكی دیكەدا ئاماژەی بەوەکردووە، چەکدارانی داعش ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی هەسەدەیان لە نزیک پردی زیبان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور کردووەتە ئامانج و چەکدارێکی هێزەكانی سووریای دیموكرات بریندار بووە.

ئەوەیشی خستووەتەڕوو چەکدارانی ڕێکخراوەکە لە نزیک شارۆچکەی سەعوە لە قەزای کەسرە، ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی هەسەدەیان کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە ئەندامێك کوژراوە و چەند ئەندامێكی دیکەش برینداربوون.

لە لایەكی دیكەوە سەرچاوە خۆجێییەکان لەو شارۆچکەیانەی داعش ڕایگەیاندووە، سێ هێرشەکەی ئەنجامداوە، رەتیان كردوووەتەوە هیچ ئەندامێكی هەسەدە بەهۆی هێرشەكان شەهید بوبێت. هێزەکانی سوریای دیموکراتیش تا ئێستا هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەو هێرشانە نەداوە.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان