دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، محەممەد ئەشتییە، سەرۆکوەزیرانی فەلەستین رایگەیاند، کە دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی خستۆتە بەردەستی مەحمود عەباس، سەرۆککۆماری فەلەستین، ئەمەش لە کاتێکدایە کە باس لە پێکهێنانی حکومەتێکی تەکنۆکرات دەکات پاش کۆتاییهاتنی جەنگ لە غەززە.
ئەشتییە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بڕیارە لەژێر رۆشنایی ئەو “جینۆسایدەدا دێت، کە ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا ئەنجامیداوە”.
راشیگەیاند، “بڕیاری دەستلەکارکێشانەوە لەژێر رۆشنایی پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکاندا هاتووە”.
ئەمەریکا و وڵاتانی عەرەبی پێشنیازی دەستپێشخەرییەکیان کردبوو، بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی تەکنۆکرات، دوای ئەوەی بیرۆکەی پێکهێنانی حکومەتێکی کۆدەنگی نیشتمانیی قەوارەییان رەتکردەوە، کە کەرتی رۆژئاوا و کەرتی غەززە بەڕێوەببات.
حکومەتی ئێستا تا پێکهێنانی حکومەتی نوێ کاروبارەکان بەڕێوەدەبات، هاوکات سەرچاوەکان پێشبینی دەکەن، پێش کۆتایی ئەم هەفتەیە حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت.