شەهیدبوونی چوار پاسەوانی دامەزراوەکان لە سێ هێرشدا لە رەققە

رەققە– نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، چوار پاسەوانی دامەزراوەکانی بەڕێوبەریی خۆسەریی شەهید بوون لە گوندەواری رەققە لە رۆژئاوای کوردستان.

پلاتفۆڕمە ناوخۆییەکانی سۆشیال میدیا بڵاویانکردەوە، کە لە سێ هێرشی هاوکاتدا، دوو پاسەوان لە وێستگەی ئاوی رافیقە و پاسەوانێک لە وێستگەی ئاوی مەزرات کەبش و پاسەوانێکی دیکە لە پاڵاوگەی ئاسن لە گوندەواری رەققە، شەهید بوون.

هاوکات سەرچاوەیەکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی نیشتمانی رەققە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، نەخۆشخانەکە تەرمی دوو پاسەوانی وێستگەی ئاوی رافیقەی وەرگرتووە، هەروەها شەهیدەکان دەستیان بەسرابوو و بە چەند برینێکی چەقۆ کوژرابوون.

ئەو سەرچاوەیە پێوابوو، شانەکانی داعش لە پشت هێرشەکانەوەن، لە کاتێکدا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایشی رۆژئاڤا) تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵەکە، هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەو هێرشانە نەداوە.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان