بەهۆی هێرشی حووسییەكان هەناردەی نەوت لە ڕێگەی دەریای سوور لە كەمبوونەوەدایە
هەولێر – نۆرس پرێس
تادێت تێپەڕینی كەشتییە بازرگانییەكان بە دەریای سوور لە كەمبوونەوەدایە، هەروەها كەشتی نوێش كەمتر روو دەكەنە دەریای سوور، ئەمەش کاریگەری لەسەر بازاڕ هەبووە و كرێی گواستنەوەی بار بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و کاتی گەشتەکانیش درێژتر بووەوە.
ئاژانسی بلومبێرگ لە زاری ئەلێکساندەر ساڤێریس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای یۆرۆناڤ، کە یەکێکە لە گەورەترین كۆمپانیای کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، رایگەیاندووە: هەناردەی نەوت لە رێگەی كەشتییەكانی دەریای سوور كەمیكردووە، لە هەمان كاتدا زۆرێک لە کەشتییە بازرگانییەکانی دیکە بە تایبەت کەشتیی هەڵگری کۆنتێنەرەکان خۆیان لە دەریای سوور بە دوور دەگرن.
هەروەها هێرشی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر پێگەی حووسییەكان لەناو یەمەن، نەبووەتە هۆی راگرتنی هێرشی حووسییەكان بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكانی دەریای سوور .
لای خۆیەوە، ئێنریکۆ پاگلیا، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە کۆمپانیای پانچێرۆ کۆستا بۆ خزمەتگوزاری کەشتیوانی، پێی وایە: بازاڕی تانکەرەکان، بە تایبەت تانکەرەکانی نەوتی خاو، رووبەڕووی فشارێکی گەورە بوونەتەوە و دۆخەکە لە داهاتوودا قورستر دەبێت.