کازمی و لایەنە سیاسییەکان لەبارەی دۆخی عێراق کۆدەبنەوە

هەولێر- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، گەڕی دووەمی گفتوگۆی نیشتمانی لە بەغدا و بە بەشداری زۆربەی لایەنە سیاسییەکان و سەرۆکایەتییەکانی عێراق دەستپێکرد، کە لە دەستپێشخەری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرچاوەی گرتووە بۆ دۆزینەوەی چارەیەک بۆ قەیرانی سیاسیی عێراق.

بە وتەی چاودێران رەوتی سەدر تائێستا ئامادەیی دەرنەبڕیوە بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەیەک بۆ بنبەستی سیاسیی عێراق، چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنە سیاسییەکانی دیکە باوەڕێکیان لا دروست بووە کە، گفتوگۆی نیشتمانی بەبێ بەشداری رەوتی سەدر بەرهەمی نابێت.

بە گوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی عێراق، وابڕیارە تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکەی ئەمڕۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بێت.

لە 17-ی ئابی2022، گەڕی یەکەمی گفتوگۆی نیشتمانی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە بەشداری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و بەبێ بەشداری رەوتی سەدر لە بەغدا بەڕێوەچوو، بەڵام هیچ چارەیەکی بۆ قەیرانی سیاسیی عێراق لێنەکەوتەوە.

دوێنێ یەکشەممە، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق 10 داواکاریی راگەیاند بۆ پێشەوەچوونی پرۆسەی سیاسیی عێراق.

 دیارترین داواکارییەکانی حەلبووسی بریتین لە: بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، رێکخستنەوەی پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتێک بە رێککەوتن و بە تەواوی دەسەڵاتەوە. هەروەها، تەنیا هێزە ئەمنییە فەرمییەکان لە شارەکانی عێراقدا بمێننەوە، یاسای دادگەی باڵای فیدراڵی بەپێی ماددەی 92ی دەستوور دەربکرێت و هەموو ئاوارە بێتاوانەکان خێرا بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.