هەواڵێکی دڵخۆشکەر لە ئەگوێرۆوە

ژووری وەرزش– نۆرس پرێس

سێرجیۆ ئەگوێرۆی ئەرجەنتینی، ئەستێرەی پێشووی یانەی مانچستەر سیتی و بەرشەلۆنە، هەواڵێکی خۆشی پێگەیشت سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ یاریگاکان  و گەڕانەوەی لە وازهێنان.

ئەگوێرۆ لە مانگی کانوونی دووەمی 2021دا ناچار بوو واز لە یاریکردن بهێنێت، بەهۆی ئەوەی لە یەکێک لە یارییەکانیدا بە درێسی بەرشەلۆنەوە تووشی لێدانی دڵی ناڕێک بووەوە.

ئەگوێرۆی تەمەن 35 ساڵ لە پەخشێکی راستەوخۆدا بوو، یەکێک لە هاندەرانی قسەی لەگەڵ کرد سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ یاریگاکان، بۆیە بڕیاریدا لە پەخشەوە پەیوەندی بە پزیشکی تایبەتی خۆیەوە بکات.

پزیشکی ئەگوێرۆ دەڵێت: بۆ ماوەیەکی زۆر هیچ کێشەیەکت نابێت لە یاریکردن، بە شێوەیەکی لۆژیکی دەبێت لێکۆڵینەوە لەسەر هەندێک بارودۆخ ئەنجام بدەین، وەک کاتێک لە دوو بەرگریکاری ناوەڕاست نزیک دەبیتەوە و لەکاتی ئەنجامدانی تۆپ دەربازکردن و یاریپێکردنی یاریزاناندا.

پزیشکەکە بە ئەگوێرۆی گوتووە، پێت دەڵێم خۆت ئامادە بکە، چونکە هیوایەکی زۆر هەیە.

سێرجیۆ ئەگوێرۆ زۆر دڵخۆش دەرکەوت و لەگەڵ ئەو هاندەرانە ئاهەنگی گێڕا کە سەیری پەخشە راستەوخۆکەی ئەفسانەی تانگۆیان دەکرد.