سەرچاوەیەک دەڵێ بن سەلمان سەردانی سووریا دەکات و ئەلوەتەن رەتیدەکاتەوە

هەولێر– نۆرس پرێس

رۆژنامەی “رەئی ئەلیوم”ی نزیک لە رژێمی سووریا لە زاری سەرچاوەیەکى باڵاى دیبلۆماتکارى سووریاوە راگەیاندووە، کە شا محەمەد بن سەلمان، پادشای سعودیە، بەمزووانە دێتە سووریا، بەڵام رۆژنامەی “ئەلوەتەن”ی نزیک لە حکوومەتی سووریا ئەوە رەتدەکاتەوە.

بە گوێرەی سەرچاوەکە رایگەیاندووە، قەیرانەکانى لوبنان، بوونى هەژموونى ئێران لە سووریا و سوککردنى سزاکانى سەر حکومەتى دیمەشق، ئەجێندانى سەردانەکەى محەمەد بن سەلمان دەبێت بۆ دیمەشق.

پەیوەندییەکانی نێوان سعودییە و سووریا لە ساڵی 2011ەوە تێكچووە، ئەو کاتەی سعودییە پشتگیری لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەکرد، کە بەشار ئەسەد لە دەسەڵات دابماڵن، لە ساڵی 2012دا سعودییە بڕیاریدا سەرجەم پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ سووریادا ببچڕێنێت و باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتەی لە سعودییە داخست و باڵیۆزەکەشی ناردەوە بۆ سووریا و باڵیۆزخانەی وڵاتەکەشی لە دیمەشق داخست.

لە ساڵى پارەوە وردە وردە پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی و دیمەشق بەرەو ئاسایی بوونەوە چوون و نوێنەرایەتیى سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی گەڕایەوە و فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا لە سەر داوای فەرمیی ریاز، سەردانی سعودیەی کرد و ئەوەش یەکەمین سەردانی ئەو بەرپرسە باڵایەی دیمەشق بوو لە دوای ساڵی 2011ەوە.