هەولێر- نۆرس پرێس
درەنگانی شەوی یەکشەممە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند کە کۆپتەرێکی سەربازییان لە ناوچەیەکی سنووری لە هەرێمی کوردستان کەوتووەتە خوارەوە.
میدیاکانی تورکیا راگەێنراوێکیان لە زاری وەزارەتی بەرگری تورکیاوە بڵاوکردەوە، تیایدا هاتووە کە کۆپتەرەکە لە کاتی نیشتنەوەی ناچاریدا لە میانی ئۆپەراسیۆنی “چنگی داخراو لە باکووری عێراق” کەوتۆتە خوارەوە.
بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، کۆپتەرەکە هەشت سەربازی تێدابووە کە حەوتیان رزگارکراون و یەکێکیان بێسەروشوێنە.
دوو رۆژ لەمەوبەر پارتی کرێکارانی کوردستان رایگەیاند، چەكدارەكانیان لە ناوچەی “زاب” كە ناوچەیەكی سنووری شاخاوییە و دەكەوێتە باكووری پارێزگای دوهۆكەوە، كۆپتەرێكی جۆری “سكورسكی” توركیایان خستۆتە خوارەوە.
سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەمینی بەدرێژایی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجام دەدات، هەندێک جار دەگاتە ناوچەکان بە قووڵایی 200 کم، دەیان بنکەی سەربازیان لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکانی دۆهوک و هەولێر هەیە و بنکەیەکیشیان لە نەینەوا هەیە.