گومرکی حەڵەب دەست بەسەر بڕێک ماددەی هۆشبەردا دەگرێت کە بەرەو  رۆژهەڵات دەگوێزرایەوە

رەققە – نۆرس پرێس

میدیاکانی حکوومەتی سووریا بڵاویانکردەوە، گومرگی حەڵەب دەستی بەسەر بارێکی مادەی هۆشبەردا گرتووە، کە بەرەو رۆژهەڵاتی سووریا دەگوێزرایەوە، ئەمەش سێیەم راگەیاندن بوو لە ماوەی هەفتەیەکدا پاش دەستبەسەرداگرتنەکانی لازقییە و سنووری ئوردن.

رۆژنامەی “ئەلوەتەن”ی نیمچە فەرمی لە زاری سەرچاوەیەکەوە لە گومرگی حەڵەب بڵاویکردەوە، “لە شاری حەڵەب دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکی گەشتیاریدا گیراوە، کە زیاتر لە یەک ملیۆن و 400 هەزار حەبی ماددەی هۆشبەری تێدابووە و کۆی کێشەکەی دەگەشتە 235 کیلۆگرام”.

بە گوێرەی رۆژنامەکە، حەبە بێهۆشکەرە دەستبەسەرداگیراوەکان بەرەو ناوچەی رۆژهەڵاتی سووریا دەگوێزرانەوە، گەڕە ئەمنییەکانی پۆلیسی حەڵەب توانیان دەست بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەدا بگرن، کە پڕ بوو لە ماددەی هۆشبەر، لەکاتێکدا بەناو حەڵەبدا دەگوێزرایەوە بەرەو شوێنی مەبەست.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیدا روونیکردووەتەوە، لە بەرامبەر وەرگرتنی بڕە پارەیەکدا راسپێدراوە بە گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان