ئاسایش هەوڵێکی بەقاچاخبردنی بڕێکی زۆر لە ماددەی هۆشبەر لە نێوان قامشلۆ و حەسەکەدا پووچەڵ دەکاتەوە

قامشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایشی رۆژئاڤا) رایانگەیاند، شەممەی رابردوو، هەوڵێکیان پووچەڵ کردووەتەوە، بۆ بەقاچاخبردنی دوو سەد هەزار حەبی مادەی هۆشبەر (کپتاگۆن) کە لە دوو تانکی تایبەت بە گواستنەوەی سووتەمەنیدا شاردرابوونەوە، لەسەر ئەو رێگایەی شارەکانی قامشلۆ و حەسەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

لە راگەێنراوێکی ئاسایشی رۆژئاڤادا هاتووە، “بە بۆسەیەکی وردی هێزەکانی روبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، بووە هۆی دەستگیر کردنی شۆفێری دوو تانکەری سوتەمەنی، کە بڕێکی زۆر حەبی مادەی هۆشبەریان هەڵگرتبوو، لە نێوان شارەکانی قامشلۆ و حەسەکە.”.

ئاسایش دەڵێ، زانیاریان بەدەست گەشتووە، دەربارەی بڕێکی زۆر حەبی کپتاگۆنی هۆشبەر، کە هێنراونەتە ناوچەکانی بەڕێوبەریی خۆسەر، بەمهۆیەوە توانرا هەردوو شۆفێرەکانی بارهەڵگرەکان دەستگیر بکەن، کە بە دوو تانکەری گواستنەوەی سووتەمەنی حەبە کارتێکەرە عەقڵییەکانیان دەگواستەوە.

روونیشیان کردەوە، “لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی پشکنین و وردبینیدا، نزیکەی دوو سەد هەزار حەبی ماددە هۆشبەرەکانی جۆری کاپتاگۆن لەناو دوو تانکییەکەدا دۆزرایەوە”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمش