قامشلۆ – نۆرس پرێس
هەموو ساڵێک لە بیست و 21ی مانگی شوباتدا، رۆژی جیهانی زمانی دایکی لە وڵاتاندا بەڕێوەدەبات، بەڵام لە سووریا واقیعی پەروەردە و زمان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە دابەش بووە و ئەوەش بەهۆی دابەشکردنی کۆنترۆڵی سەربازیەوەیە لە نێوان زلهێزە جیاوازەکاندا.
دروشمی “بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ فێربوونی زمانە جیاوازەکان” بۆ یادەکە لەمساڵ هەڵبژێردرا.
دوای زیاتر لە 10 ساڵ شەڕ لە سووریا، واقیعەکە رەنگدانەوەی لەسەر زمانە دایکییەکانی ئەو وڵاتە هەبووە، وێنەکە دابەش بووە لە نێوان پشتگوێخستنی زمانەکانی دیکە، جگە لە عەرەبی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی ئەزموونی فرە زمانی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوبەریی خۆسەریدا و پابەندکردنی پەروەردە بە زمانی تورکییەوە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا و میلیشیاکانی ئۆپۆزسیۆندا.
دیمەشق: زمانی عەرەبی و هاوپەیمانەکانی رژێم لە پێشینەیە
بە درێژایی دەسەڵاتی حزبی بەعس لە سووریا، زمانی عەرەبی زمانی فەرمی بووە لە سەرتاسەری وڵاتدا، لە کاتێکدا زمانەکانی دیکەی پێکهاتەکانی وەک کوردی و سریانی قەدەغە کراوە و ئەوانەی کاریان بۆ فێرکردنی دەکرد، یان دەستگیر یان بێسەروشوێن دەکران.
چاودێران پێیان وایە دوای 10 ساڵ شەڕ لە سووریا، دیمەشق هێشتا زمانەکانی دیکەی وەک زمانی کوردی و سریانی قەدەغە دەکات، کە بە نزیکەی 63%ی رووبەری سووریا مەزەندە دەکرێت، هەروەها پەرەپێدانی زمانە بیانییەکان و لە پێشیانەوە زمانی رووسی، لە پێشەنگی نیگەرانییەکاندان.
لە 18ی کانوونی دووەمی رابردوودا، کۆڕبەندی زمانی رووسی لە زانکۆی دیمەشق بەڕێوەچوو، کە هاوکات بوو لەگەڵ رۆژی جیهانی زمانی عەرەبی.
سەرۆکایەتی زانکۆی دیمەشق بەشداریی لە کۆڕبەندی زمانی رووسیدا کرد، کە لە ژێر ناوی “بەرەوپێشبردنی خوێندنی زمانی رووسی لە دامەزراوە پەروەردەییەکان لە کۆماری عەرەبی سووریا” بوو.
زمانی تورکی لە چەند ناوچەیەکی سووریا زمانی ناچارییە
تورکیا بە هاوکاری میلیشیاکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، بەردەوامە لە سەپاندنی زمانی تورکی لەو ناوچانەی کە لە باکووری رۆژئاوای وڵاتەکەدا کۆنتڕۆڵی دەکەن، کە بە نزیکەی 10%ی رووبەری وڵاتەکە مەزەندە دەکرێت.
لە سەرەتای ساڵی خوێندنی 2017-2018ەوە زمانی تورکی بووەتە “ناچاریی” لە قوتابخانەکانی ئەو ناوچانەدا، ئەمە جگە لە گۆڕینی پڕۆگرامی خوێندن و وتنەوەی هەندێک خولی چالاکی و بابەتی تری زانستی بە تورکی.
هێزەکانی تورکیا و میلیشیاکانی ئۆپۆزسیۆنی دڵسۆزیان، ناوچە جۆراوجۆرەکانی باکووری سووریا و رۆژائاڤایان کۆنتڕۆڵ کردووە، کە بریتین لە (جەرابلوس، ئەعزاز، ئەلباب و عەفرینی داگیرکراو و سەرێ کانیێ و گرێ سپی و رەققە) و هاوکات دەتەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پیشوو) ئیدلبی کۆنترۆڵ کردووە.
چالاکوانان و چاودێران پێیان وایە تورکیا لە رێگەی پەروەردە و شێوازی دیکەوە هەوڵی بەتورککردنی باکووری سووریادا دەدات، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ پلانێکی فراوانخوازی، یان لکاندنی ئەو ناوچانە بە خاکی خۆیەوە، هاوشێوەی ئەوەی لە قەزای ئیسکەندرون روویدا.
رۆژی 6ی شوبات، تورکیا کۆلێژێکی پزیشکی و پەیمانگایەکی باڵای زانستە تەندروستییەکانی لە شاری ئەلرای، لە باکووری شاری حەلەب کردەوە، بە بڕیارێک کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا واژۆی لەسەر کرد.
لە سەرەتای ساڵی رابردوودا، چەند خولێک بۆ فێربوونی زمانی تورکی لەو شارانەدا دەستیپێکرا، کە بە “تۆمەر”ناونراوە و کورتکراوەی ناوەندی راهێنان و توێژینەوەی زمانی تورکی و بیانییە.
نۆرس پرێس وێنەی تایبەتی لە گوندی مەشعەلەی سەر بە ناحیەی شەڕان لە رۆژهەڵاتی عەفرین دەستکەوتووە، تیایدا دەرکەوتووە خوێندکاران لە قوتابخانەیەکدا دەخوێنن کە ئاڵای تورکیای لەسەر هەڵکراوە و زمانی تورکی دەخوێندرێت.
ئەزموونێکی نوییە و رووبەڕووی رەخنە دەبێتەوە
لە رۆژئاوای کوردستان، بەرێوبەریی خۆسەری سیستمی پەروەردە بە زمانی دایکی دەگرێتەبەر، کە دان بە خوێندنی هەر پێکهاتەیەکدا بە زمانی دایکی خۆی دەنێت، وەک کوردی، عەرەبی و سریانی، جگە لە بابەتەکان بە زمانی ناوخۆیی و بیانی.
لە رۆژی جیهانی زمانی دایکدا، بەڕێوبەریی خۆسەریی رۆژائاوای کوردستان، رۆژی دووشەممەی رابردوو لە راگەێنراوێکدا، داوای لە نەتەوەیەکگرتووەکان کرد پشتیوانی لە “یەکەم ئەزموونی سیستەمی پەروەردەی فرە زمانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست” بکات.
لە 21ی مانگی شوباتی رابردوودا، دەسەڵاتی پەروەردەی خۆسەریی، لە کۆڕێکی دیالۆگدا کە بە بۆنەی رۆژی جیهانی زمانی دایکیەوە رێکخرابوو، داوای پێکهێنانی بەرەیەکی فراوانی کرد کە مافی کەمینەکان و نەتەوەکان بەرز بکاتەوە لە بواری زماندا، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا مەدەنی و یاساییەکان.
لە هەمانکاتدا ئەزموونەکە رووبەڕووی رەخنەی نەیارانی بەڕێوبەریی خۆسەریی دەبێتەوە، کە گوایە سیستەمی پەروەردەیی دانپێدانراو نییە و ستافی مامۆستایان ئەزموون و بڕوانامەی ئەکادیمییان نییە.