ئیمارات پشتیوانی هەوڵەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات بۆ چارەسەریی سیاسی لە سووریا
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەنوەر قەرقاش، راوێژکاری دیپلۆماسی ئیمارات، لە میانی دیدارێکی ئەمڕۆ چوارشەممەیدا لەگەڵ گەیر پیدەرسن، نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە سووریا، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی لە سووریا دەربڕی.
بە گوتەی ئاژانسی هەواڵی ئیماراتی، لە دیدارەکەدا باس لەو هەوڵە دیپلۆماسییانە کرا، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی قەیرانی سووریا بە شێوەیەک مسۆگەر بکات، کۆتایی بەو ئازارە مرۆییانە بێت، کە بەهۆیەوە دروست بوون و ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا فەراهەم بکرێت.
گەرگەش لە میانی دیدارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەری سیاسی تاکە چارەسەرە بۆ گەیشتن بە یەکلاییکردنەوەیەک، کە سەقامگیری و یەکڕیزی و ئاسایشی سووریا بپارێزێت و بیگەڕێنێتەوە بۆ پێگەی سروشتی خۆی لە ژینگەی ناوچەکەیدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بەهۆی ئەو هەلومەرج و ئاڵۆزییانەی کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت، پێویستە بەردەوام بین لە کارکردن و چڕکردنەوەی هەوڵەکان لە پێناو بەدیهێنانی پێشکەوتن لەسەر رێڕەوی سیاسی لە سووریا و کۆکردنەوەی هەموو هەوڵەکان بۆ دەرخستنی رێگەچارە و میکانیزمی واقیعی کە گەرەنتی دەرچوون لە دۆخی ناسەقامگیری و زەمینەسازی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە بەرژەوەندی گەلی سووریادا بەدی بێنێت”.
لە کاتێکدا ئەو بەرپرسەی نەتەوەیەکگرتووەکان پێداچوونەوەی بە دوایین پێشهاتەکان و هەوڵەکانی نەتەوەیەکگرتووەکاندا کرد بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا.