پنتاگۆن: لە چواری شوباتەوە هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر هێزەکانمان لە عێراق و سووریا

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە پنتاگۆن رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم مانگەوە هێزەکانیان لە سووریا و عێراق هێرشیان نەکراوەتە سەر، لە کاتێکدا هێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سوور زیادیان کردووە.

چەند رۆژێک لەمەوبەر ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئێرانی و عێراقییەوە بڵاویکردەوە، کە سەردانێکی “ئیسماعیل قائانی”، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران بۆ بەغدا بووەتە هۆی وەستاندنی ئەو هێرشانەی لەلایەن میلیشیاکانی هاوپەیمانی ئێرانەوە لە عێراق بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا ئەنجام دەدران، ئەمەی بە نیشانەی خواستی تاران بۆ پێشگرتن لە ململانێیەکی فراوانتر وەسف کرد.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، “لە چواری شوباتەوە تا ئێستا هێزەکانمان لە عێراق و سووریا رووبەڕووی هێرش نەبوونەتەوە”.

لە 17ی تشرینی یەکەمی رابردووەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراق رووبەڕووی زیاتر لە سەد هێرش بوونەوە، یەکێک لەو هێرشانە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی نزیکەی 40 سەربازی ئەمریکی، ئەمەش وایکردووە ئەمریکا هێرشی ئاسمانی بەرفراوان بکاتە سەر ئەو لایەنانەی کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە لە سووریا و عێراق.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دەشڵێ، “زیاد بوون لە هێرشی حوسییەکان لە چاو پێشتردا بەدیدەکرێت”، ئاماژەیان بەوەشدا کە “فڕۆکەی MQ 9 لە یەمەن کەوتووەتە خوارەوە و پێدەچێت بە مووشەکێکی زەمین بە ئاسمانی حوسییەکان هێرشەکە ئەنجامدرابێت”.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی پنتاگۆن، حوسییەکان کۆگایەکی زۆریان لە ئامرازە سەربازییەکان هەیە و ئەوان کار بۆ کەمکردنەوەیان دەکەن.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان