مەکگۆرگ سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، پێگەیەکی ئەمریکی بڵاویکردەوە، لەم ھەفتەیەدا برێت مەکگۆرگ، راوێژکاری باڵای سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، سەردانی ئیسرائیل و میسر دەکات، بە مەبەستی گفتوگۆ و دانووسان لەبارەی شەڕی غەززە، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، کە هەر ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆژەیەکی جەزائیر بۆ راگرتنی دەستبەجێی جەنگ لە غەززە کۆتاییهات و ئەمریکا ڤیتۆی لە دژی پڕۆژەکە بەکارهێنا.
لەکۆی 15 ئەندامی ئەنجوومەنەکە، 13 ئەندام بە بەڵی دەنگیان بۆ پرۆژەکەدا، بەریتانیا بێدەنگی هەڵبژارد و ئەمریکا مافی ڤیتۆیی بەکارهێنا،
لە لایەکی دیکەوە، سەردانەکەی مەکگۆرگ بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست چەند رۆژێک دەخایەنێت و تیایدا لەگەڵ ھەریەک لە بنیامین نەتانیاھۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و عەباس کامیل، بەڕێوەبەری ھەواڵگری میسر کۆدەبێتەوە.
گفتوگۆکانی مەکگۆرگ، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل و میسر دوو تەوەر لە خۆ دەگرێت، ئۆپراسیۆنە سەربازییە چاوەڕوانکراوەکەی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح و ئازادکردنی بارمتەکانی غەززە دەبێت.
هاوکات لە پرۆژەکەی جەزائیردا، کە ئەمریکا ڤیتۆی کرد، داوای “دەستبەجێ راگرتنی شەڕ لە غەززە و راگەیاندنی ئاگربەستێکی مرۆیی کراوە”، بەڵام بە گوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، هۆکاری رەتکردنەوەی پرۆژەکە لە لایەن ئەمریکاوە ئەوەیە، کە پییانوایە ئەو پرۆژە بڕیارە گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکانی دەخاتە مەترسییەوە.