لە چاو دوو وەرزی رابردوودا.. ئەمساڵ لە کۆبانێ خواست لە سەر کڕینی پەینی کیمیایی زیاترە
کۆبانێ – نۆرس پرێس
خواستی جوتیارانی کۆبانی بۆ کڕینی پەینی کشتوکاڵی لە وەرزی کشتوکاڵی ئەمساڵدا، بەراورد بە دوو وەرزی پێشوو، بە رێژەی سێ هێندە زیادیکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی لە بازاڕی ناوخۆییەکاندا نرخ دابەزیووە و بەردەستبوونی ئاسان بووە.
خۆشناڤ عیسۆ، کە بازرگانێکی بەروبووم و پێداویستییە کشتوکاڵیەکانە لە کۆبانێ بە نۆرس پرێسی راگەیاند، لە وەرزی ئەمساڵدا جووتیاران پەنا بۆ کڕین و رشاندنی پێوانەیی پەینی کشتوکاڵی بە رێژەیەکی زۆر دەبەن، دوای ئەوەی نرخەکانیان بە بەراورد بە دوو ساڵی ڕابردوو دابەزینیان بەخۆوە بینیوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، دوو ساڵ لەمەوبەر تەنێک پەینی کیمیایی بە نزیکەی 700 دۆلار دەفرۆشرا، ئەمەش بارگرانی لەسەر جووتیاران دروستکردبوو و نەیانەتوانی بیکڕن، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو نرخەکەی کەمیکرد بۆ نزیکەی 610 دۆلار، بەڵام لەمساڵدا بە نرخێک لە نێوان 500 بۆ 560 دۆلار دەفرۆشرێت.
عیسۆ ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکارێکی دیکەی پەنابردنی جووتیاران بۆ رشاندنی بەروبوومەکانیان بە پەینی کیمیایی، هاندانی بەڕێوبەریی خۆسەرە بۆ کڕینەوەی گەنم لێیان، بە نرخی 430 دۆلار بۆ هەر تۆنێک ، ئەمەش وایکردووە جووتیاران ئارەزووی کشتوکاڵکردن و زەوییە کشتوکاڵییەکان زیاتر بێت.
لەسەرەتای مانگی رابردوودا بەرپرسێکی کشتوکاڵی لە لێدوانێکدا بۆ نۆرس پرێس ئاشکرای کرد، کە نرخی پێداویستییە کشتوکاڵییەکان کەم کراوەتەوە.
بەڕێوبەریی خۆسەریی تاکە قەوارە بوو کە لە دوو ساڵ لەمەوبەرەوە لە رێگەی کۆمپانیای گەشەپێدانی کۆمەڵگەی کشتوکاڵییەوە پەینی کیمیایی بە هەرزان بە جوتیاران دەفرۆشتەوە، بەڵام لە ساڵی رابردووەوە رێگەی بە بازرگانان داوە کە پەین بفرۆشن، ئەمەش کێبڕکێی دروست کردووە و دابینکردنی بە نرخێکی باش بۆ جووتیاران ئاسانتر کردووە، بە گوتەی عیسۆ.