ئەمەریکا پێشنیازی راگەیاندنی ئاگربەستێكی کاتی دەكات لە غەززە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردووەتەوە، ئەمریکا ڕەشنووسی بڕیارێكی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشنیاز کردووە کە داوای ئاگربەستی کاتی دەکات لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس، هەروەها دژایەتی دەستپێکردنی هەر هێرشێکی زەمینی ئیسرائیل دەکات لە رەفەحی باشووری کەرتی غەززە.
ئەم پێشنیازە ئەمریکییە دوای ئەوە دێت کە پێشتر نوێنەری ئەمەریكا لە ئەنجومەنی ئاسایش ئاماژەی بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی ڤیتۆی خۆی لە دژی ڕەشنووسی بڕیارێك دەربڕی بوو کە لەلایەن جەزائیرەوە داڕێژراوە و داوای ئاگربەستی دەستبەجێی دەکات لە غەززە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەنجوومەنی ئاسایش پشتیوانی خۆی بۆ ئاگربەستێکی کاتی لە غەززە بە زووترین کات دووپات دەکاتەوە، بە جۆرێك ئازادکردنی بارمتەکان و هەڵگرتنی ئاستەنگییەكانی بەردەم یارمەتییە مرۆیییەكان لەخۆ بگرێت.
لە ڕەشنوسی بڕیارەکەدا هاتووە: لە هەلومەرجی ئێستا هەر هێرشێکی زەمینی گەورە بۆ سەر رەفەح زیانی زیاتر بە خەڵکی سڤیل دەگەیەنێت و ڕەنگە ببێتە هۆی ئاوارەبوونیان بۆ وڵاتانی دراوسێ.
ئیسرائیل بە نیازە هێرش بکاتە سەر رەفەح کە زیاتر لە ملیۆنێک فەلەستینی لە کۆی دوو ملیۆن و 300 هەزار دانیشتوانی کەرتی غەززە پەنایان بۆ بردووە، ئەمەش ترسی نێودەوڵەتی دروست دەکات کە هەنگاوێکی لەو شێوەیە قەیرانی مرۆیی لە غەززە زیاتر بکات.