به‌ گولـله‌ی جەندرمه‌ی تورکی لە ڕۆژئاوای ئیدلب کەسێک کوژرا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو

ئیدلب – نۆرس پرێس

ڕۆژی پێنجشەممە، لەکاتی هەوڵدانی چه‌ند هاووڵاتییه‌كی سووری بۆ پەڕینەوە بۆ ناو خاکی تورکیا لە ناوچەی خربەت جەوز، لە باکووری رۆژئاوای ئیدلب، به‌ گولـله‌ی جەندرمه‌ی تورکی کەسێک کوژرا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.

له‌مباره‌یه‌وه‌ سەرچاوەیەکی كارگێڕی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ئەو گەنجە ناوی شیهاب حەسونە و تەمەنی 21 ساڵە، لە کاتی هەوڵدان بۆ چوونە ناو خاکی تورکیا لە نزیک ناوچەی خربەت جه‌وز، نزیک سنووری سوریا و تورکیا، لە باکوری ڕۆژئاوای ئیدلب، کوژراوە و گەنجێکی دیکەش بریندار بووه‌.

ئاماژەی بەوەشکرد، 11 کەسی دیکەش دەستبەسەرکراون، کە ژن و منداڵیشیان تێدایە، کە بەهەمان شێوە بەنیازبوون سنووری تورکیا ببڕن.

ئه‌وه‌یشی خستووه‌ته‌ڕوو، ئەم ڕووداوە پێنجەمین ڕووداوی له‌م شێوه‌یه‌یه‌ خۆی لەم مانگەدا روویدابێ، به‌هۆیه‌وه‌ دوو هاووڵاتی سووری کوژراون و حەوت کەسیش برینداربوونه‌.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنه‌وه‌ی: سەعد یازیچی