لە دوو ڕووداوی جیاوازدا لە حەما و حومس، دوو ئەفسەری حکومه‌ت کوژران

حومس – نۆرس پرێس

ئه‌مڕۆ دووشەممە دوو ئەفسەری حکومه‌تی سووریا و ئەندامێکی هێزەکانی دیفاع وه‌ته‌نی بە رووداوی جۆراوجۆر لە گونده‌واری حەما و حومس کوژران.

سەرچاوەیەکی ئەمنی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، لیوا یوسف موڕسه‌ل ئەندامی فەرماندەیی پۆلیسی حەما لە قەزای وادی عیون، لەکاتی ئەنجامدانی گه‌ڕانی هێزه‌كانیان بەدوای کەسێکی داواکراودا كوژراوه‌. ئاماژەی بەوەشکرد، داواکراوەکە نارنجۆکێکی فڕێداوەتە سەر هێزه‌كانیان و بەو هۆیەوە ئەفسەرەکە کوژراوە.

لە ڕووداوێکی دیکەدا هەمان سەرچاوە بڵاویکردەوە، لیوا موعەز ئەمجەد زوکار، ئەندامی فیرقەی 18 و خەڵکی شارۆچکەی قاره‌ی سەر بە گونده‌واری دیمەشق، لە ئەنجامی پێکدادانەکان لەگەڵ ئەندامانی داعش له‌ گونده‌واری دیمەشق کوژرا.

هەروەها ئەو سەرچاوەیە بە نۆرس پرێسی وتووه‌، ئەندامێکی هێزەکانی دیفاع وه‌ته‌نی بە ناوی محەمەد عەلی دوای ئەو پێکدادانانە کوژراوە کە لەگەڵ داعش لە سه‌نته‌ری شاری سوخنە ڕوویدا، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ئەندامە خەڵکی گوندی ئومم مەیسه‌ لە گونده‌واری حومس.

داڕشتنه‌وه‌ی: سەعد یازیچی