ئاسایشی رۆژئاڤا دانپیانانی دوو ژن بڵاودەکاتەوە کە منداڵێکیان بە زیندوێتی لە قامشلۆ فڕێدایە بیرێکەوە

قامشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان دانپیانانی دوو ژنیان بڵاوکردەوە، کە لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا لە شاری قامشلۆ منداڵێکیان بە مەبەستی کوشتنی و بە زیندوویی فڕێدایە ناو بیرێکەوە.

لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا، منداڵێک بە ناوی “ئۆلیار یاسر عەگیل” کە خاوەن پێداویستی تایبەتە، بۆ ماوەی چەند رۆژێک بێسەروشوێن بوو، دوای بانگەواز کردن لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و جموجۆڵی هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە، منداڵەکە بە کوژراوی و فڕێدراوی ناو بیرێکی تەنیشت ماڵەکەیان، لە گەڕەکی کۆرنیش لە شاری قامشلۆ، دۆزرایەوە.

بەشی بنبڕکردنی تاوان لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، کە لە پێگەی فەرمی خۆیان بڵاویانکردەوە، رایانگەیاندو، “رۆژی 16ی مانگی رابردوو، بانگەوازێکمان پێگەیشت کە منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ و نیو بە ناوی “ئۆلیار” بێسەروشوێن بووە، لەسەر ئەم بنەمایە بەشی بەدواداچوون هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کرد، زانیاری منداڵەکەش لە سەرجەم بازگەکاندا بڵاوکرایەوە”.

دەشڵێن، “دوای لێکۆڵینەوەکان، منداڵەکە بە فڕیدراوی لە ناو بیری ماڵی مامیدا، کە لە تەنیشت ماڵەکەیانە، دۆزرایەوە”.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، دەستبەجێ هەماهەنگی لەگەڵ پزیشکی دادوەری و داواکاری گشتی کراوە، منداڵەکە لە بیرەکە دەرهێنرا، دوای ئەوە گومانمان هەبوو لە بەشی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە هاوسەری دووەمی باوکەکەی، چونکە کێشەی خێزانی زۆر هەبوو، ئەوە بوو دەستگیرکرا و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا ئەنجامدرا، لە ماوەی 24 کاتژمێردا دانی بەوەدانا کە تاوانەکەی، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوسەری مامی منداڵەکە ئەنجامداوە”، ئەو دوو ژنە دانیان بەوەدا ناوە، کە منداڵەکەیان بە زیندووی فڕێداوەتە ناو بیرەکەوە”.

پاشان ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان دانپیانانی ئەو دوو”تاوانبارە” و چۆنیەتی پلاندانان و جێبەجێکردنی تاوانی فڕێدانی بەزیندووی بۆ ناو بیرەکە بڵاوکردەوە و روونیانکردەوە، کە پاڵنەرەکەی تۆڵەسەندنەوە بووە و لە خراپەکاری و رقەوە سەرچاوەی گرتووە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی