هەنگوینی چیاكانی كوردستان بەشدار بوو لە لە پێنجەمین پێشانگای هەنگویندا لە دەوحە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاند، کە هەنگوینی هەناردەكراوی كوردستان، لە پێنجەمین پێشانگای هەنگوین لە شاری دەوحەی پایتەختی وڵاتی قەتەر نمایش دەكرێت و خواستێكی زۆری لەسەرە.

پێشانگای هەنگوینی قەتەر لە 10ی شوباتی 2024 دەستی پێ كردووە و تا 19ی شوبات بەردەوام دەبێت.

دڵشێر بەردەڕەشی، شرۆڤەكاری باڵا لە تیمی كشتوكاڵیی نووسینگەی سەرۆكوەزیران، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری کوردستانی راگەیاندووە، “دوای هەناردەكردنی هەنگوینی كوردستان لە مانگی 11ی 2023وە، لایەنی حكومیی قەتەر چەندینجار پشكنینی جۆرێتیی هەنگوینی كوردستانی كردووە و بە سەركەوتوویی لە هەموو تاقیكردنەوەكان دەرچووە؛ لەو چوارچێوەیەدا ئێستا لە پێشانگای هەنگوین كە 23 وڵات و 100 كۆمپانیای جیاجیای جیهانی تێیدا بەشدارن، هەنگوینی كوردستان نمایش دەكرێت و خواستێكی زۆری كڕیارانی لەسەرە”.

فەرمانگەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، کە “بە سەرپەرشتیى ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پاڵپشتیی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و نووسینگەی سەرۆکوەزیران، پرۆسەی هەناردەكردنی هەنگوینی كوردستان لە مانگی 11ی 2023 بۆ وڵاتی قەتەر دەستی پێ كردووە”.

پێشتریش، لە شانزەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی هەنگەوانانی ئاسیا لە وڵاتی سعودییە بۆ ساڵی 2023، پێشبڕکێی باشترین هەنگوینی ساڵ لە نێوان وڵاتانی ئاسیا و وڵاتانی عەرەبی بەڕێوە چوو و تێیدا هەنگوینی كوردستان پلەی یەكەمی بەدەست هێنا.