ئاسایشی رۆژئاڤا دەستی بەسەر 325 هەزار حەبی هۆشبەردا گرت

رەققە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان دەستبەسەرداگرتنی هەزاران حەبی هۆشبەریان راگەیاند، کە هەوڵ دەدرا لە نێوان شارەکانی رەققە و مەنبیجدا بە قاچاخ بگوێزرێنەوە.

ناوەندی راگەیاندنی ئاسایش لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە ناوەڕاستی هەفتەی رابردوودا، یەکەکانی دژ بە ماددە هۆشبەرەکان لە میانی هەڵمەتێکی “تۆکمە”دا دەستیان بەسەر نزیکەی 325 هەزار حەبی کپتاگۆندا گرت، لە کەناری رووباری فورات، لە نێوان شارەکانی رەققە و مەنبیجدا.

ئاماژەیان بەوەشکرد، هێزە ئەمنییەکان ئۆپەراسیۆنێکی بەقاچاخ بردنیان پووچەڵکردەوە، کە مەبەست لێی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر بوو بۆ وڵاتێکی دراوسێی سووریا.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە دەستگیرکردنی ئەو کەسانە نەکراوە، کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا تێوەگلاون.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان