لەسەر داوای “قائانی” میلیشیا عێراقییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر ئەمریکا کەمکردووەتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، سەردانەکەی فەرماندەی “هێزی قودس”ی ئێران بۆ بەغدا بووەتە هۆی وەستاندنی ئەو هێرشانەی کە لەلایەن میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێرانەوە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا ئەنجام دەدران.

لە 29ی کانوونی دووهەمی ئەمساڵدا، فەرماندەی سوپای قودس، ئیسماعیل قائانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەگەڵ نوێنەری چەند گروپێکی چەکدار کۆبووەوە، کەمتر لە 48 کاتژمێر دوای ئەوەی واشنتۆن ئەو گروپانەی تۆمەتبار کرد بەوەی لە پشت ئەو هێرشەوەن، کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی لە بنکەی تاوەر 22  لە ئوردن.

سەرچاوە عێراقی و ئێرانییەکان وەستانی هێرشەکانیان بە “نیشانەی خواستی تاران بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانی ململانێیەکی فراوانتر” وەسف کردووە.

دە دانە لەو سەرچاوانە باسیان لەوە کردووە، قائانی میلیشیاکانی ئاگادار کردووەتەوە کە “رشتنی خوێنی ئەمریکی مەترسی وەڵامدانەوەی توندوی هەیە”.

چوار ساڵ لەمەوبەر، لە هێرشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکیدا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، قاسم سلێمانی فەرماندەی لیوای قودسی ئێران لە لایەن سوپای ئەمریکاوە کوژرا.

ئاماژەیان بەوەشکرد، فەرماندەی سوپای قودس میلیشیا چەکدارەکانی ئاگادارکردۆتەوە، کە دەبێت لە شوێنی رووداوەکە دووربکەونەوە بۆ ئەوەی هێرشی ئەمریکی بۆ سەر سەرکردە باڵاکانیان نەکەن و ژێرخانی سەرەکییان لەناو نەبرێت، یان تەنانەت تۆڵەسەندنەوەی راستەوخۆ لە ئێران روونەدات.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، سەرکردەیەکی باڵای یەکێک لە میلیشیا چەکدارەکانی عێراق کە هاوپەیمانی ئێرانن رایگەیاندووە، بەبێ دەستێوەردانی راستەوخۆی قائانی، مەحاڵ دەبوو کەتایبەکانی حیزبوڵڵا رازی بکرێن، کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان رابگرێت بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە