دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، سوپای ئوردن، کوژرانی پێنج قاچاخچی و برینداربوونی کۆمەڵیکی دیکەی راگەیاند، لە پێکدادانێکدا کە تیایدا هەوڵێکی بەقاچاخبردن لە سووریاوە پووچەڵ کرایەوە.
دوێنێ شەممە، کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی لە نێوان (سووریا، عێراق، ئوردن و لوبنان)دا ئەنجامدرا، تێیدا رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی شانەیەکی پەیوەندی هاوبەش لە ئەفسەرانی بەشی روبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەر چوار وڵات.
فەرماندەیەکی سوپای ئوردن رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ پووچەڵکردنەوەی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان لە سووریاوە بۆ خاکی ئوردن، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، پێنج قاچاخچییان کوشتووە و چواری دیکەشیان بریندارکردووە.
لە لێدوانێکدا بۆ نۆرس پرێس، کاتێکی پێشتری ئەمڕۆ، توێژەرێکی ئوردنی راگرتنی قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەری لە پاش کۆبوونەوەکە، بەدوور زانی، ترسی خۆی لە پەرەسەندنی دۆخەکە و جێبەجێکردنی هێرشەکانی ناو خاکی ئوردن دەربڕی، بەتایبەتی کە ئوردن گروپە ئێرانییەکان لە ناوخۆی سووریا تۆمەتبار دەکات بە هێنانی مادەی هۆشبەر و چەک بۆ ناو خاکەکەی.
فەرماندەی سوپای ئوردن ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی بەشداری ئۆپەراسیۆنەکە دەستیان بەسەر “بڕێکی زۆر” ماددەی هۆشبەردا گرتووە.