بەنداوی تشرین: بەردەوامی گلدانەوەی ئاو لە لایەن تورکیاوە دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی بەنداوەکە
مونبیج – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرپرسێکی کارگێڕی لە بەنداوی تشرین، لە باکووری سووریا، رایگەیاند، بەردەوامی دابەزینی ئاستی ئاو دەبێتە هۆی رژاندنی یەدەگی دەریاچە ستراتیژییەکان، هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی “بەنداوەکە لە کار بکەوێت.”
لە مانگی شوباتی 2020 ەوە تورکیا بەردەوامە لە گلدانەوەی ئاوی ڕووباری فورات، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هۆشداری دراوە لە ڕوودانی کارەساتی مرۆیی.
حەمود ئەلحەمادین، کارگێڕی بەنداوی تشرین رایگەیاند، ئاستی ئاوی دەریاچەکانی بەنداوەکە کەمیکردووە و گەیشتووەتە نزیکەی چوار مەتر و نیو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەم کەمبوونەوەیە زۆر گەورەیە و نزیکەی تەواوی یەدەگی ستراتیژی دەریاچەکان کەمدەکاتەوە، لە ئەنجامی کەمی سەرچاوەی ئاو”.
یەدەگی ستراتیژی بە واتای، “ئەو بڕە ئاوەی کە بەنداوەکە بە شێوەیەکی ئاسایی کاردەکات، کاتێک ئاستەکە کەم دەبێتەوە بۆ چوار مەتر یان زیاتر، نزیکەی یەک مەتر دەمێنێتەوە کە بەنداوەکە بە کەمترین توانای خۆی کاردەکات.”
بەپێی ئەو ڕێکەوتنەی لە ساڵی 1987 لە نێوان تورکیا و سوریا واژوو کراوە، پشکی سوریا لە ڕووباری فورات 500 مەتر سێجا ئاوە لە چرکەیەکدا، بەڵام ئێستا تەنها 200 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا دەگاتە خاکی سوریا، کە یەکسانە بە کەمتر لە نیوەی بڕەکە ،بە وتەی “الحەمادین”.
ئەوەشی خستەڕوو، بڕی ئاوی دابینكردنکراو پێویستی خواردنەوە و هەڵمكردن و ئاودێری پڕناکەنەوە، هەروەها هەمیشە بەکاربردن لە بڕی پاشەکەوتکراودا هەیە، ئەمە جگە لە كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ یەدەگی ئاوی ناو دەریاچەكان.
بەنداوی تشرین ؛ کە 20 کم لە باشووری رۆژهەڵاتی مەنبیجەوە هەڵکەوتووە، بە دووهەم وێستگەی کارەبای سووریا دادەنرێت، دوای بەنداوی فورات لە تەبەقە.
کارگێڕی بەنداوەکە دەڵێت، بەردەوامی کەمبوونەوەی ئەم پێوەرە دەریاچەکە دەگەیەنێتە “ئاستی مردوو”، و ئیتر بەنداوەکە لە کارکردن دەوەستێت.
بەپێی ڕێنماییەکانی وەبەرهێنان، دروستکردنی بەنداوەکە بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەمای هەڵگرتنی ئاوە، هەروەها نابێت بڕی ئاو لە ڕۆژێکدا لە 30 سانتیمەتر زیاتر بەرزبێتەوە، یان لەوە زیاتر کەمبێتەوە؛ چونکە کاریگەری لەسەر پێکهاتەی گڵین و کۆنکریتی بەنداوەکە هەیە، بە گوتەی حەمود ئەلحەمادین.