ئیسرائیل بەرپرسیارێتی خۆی لە بۆردومانکردنی گەورەترین کۆگای چه‌كی هێزەکانی حکومەت دیمه‌شق له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت

ده‌رعا – نۆرس پرێس

ئه‌مڕۆ شەممە، سوپای ئیسرائیل بەرپرسیارێتی خۆی لە بۆردومانکردنی کۆگایەکی چەکی سوپای سوریا لە باشووری ئه‌و وڵاته‌ ڕاگەیاند، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئه‌و مووشەكانه‌ی ئاڕاسته‌ی جۆلان كرابوون.

بەرەبەیانی ئه‌مڕۆ شەممە، سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایانگەیاند، ناوچەی باشوور ئاڵوگۆڕی بۆردومانی به‌خۆوه ‌بینی، لە نێوان سوپای ئیسرائیل و گرووپێكی چەکدار، کە دەوترێت سەر بە حیزبوڵڵای لوبنانن.

دانیشتوانی ناوچەکە رایانگه‌یاند، كه‌ ده‌نگی چەند تەقینەوەیەک لە یەکێک لە یەکە سەربازییەکانی سەر بە هێزەکانی حکومەتی دیمه‌شق هات له‌ گونده‌واری ڕۆژهەڵاتی ده‌رعا.

سەرچاوەیەکی سەربازی بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، تەقینەوەکان لە کۆگا سه‌ربازی “ئه‌لكه‌م”ی ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی مه‌حجه‌ی ڕۆژهەڵاتی گونده‌واری ده‌رعا ڕوویاندا.

کۆگای سەربازی ئه‌لكه‌م بە گەورەترین کۆگای چه‌كی حكومه‌تی دیمه‌شق لە باشووری سوریا دادەنرێت و ناوەندی سەرەکی دابەشکردنی کەرەستەی سەربازییە لە ده‌رعا و سوه‌یدا.

خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ ئینته‌رنێت باسیان لەوە کرد کە ئاگر لە کۆگاکاندا بینراوە و دەنگی تەقینەوەکانیان لە چەند ناوچەیەکی گونده‌واری ده‌رعا بیستراوە.

ئامادەکردنی: ئیحسان محمه‌د – داڕشتنه‌وه‌ی: تەیسر محمه‌د