یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە بەرامبەر بە ئامانجگرتنی دوو سەرکردەی ریزەکانیان، کوژرانی ژمارەیەك سەربازی تورکی رادەگەیەنێت
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی، یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) رایگەیاند، لە چوارچێوەی “تۆڵەسەندنەوە” بۆ دوو سەرکردەی ژن كە لە ئەنجامی هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی تورکیا بۆ سەر باڵەخانەیەکی تایبەت بە بریندارانی شەڕی داعش گیانیان لەدەستدا بوو، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە لە ئەنجامدا نۆ سەرباز توركیا و چەکداری دڵسۆزیان کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
دووشەممەی ڕابردوو یەکینەکانی پاراستنی ژنان کە هێزێکی سەربازی تایبەتە بە ژنان لە ژێر چەتری هێزەکانی سوریای دیموکراتە و لە شەڕەکانی دژی رێكخراوی تیرۆریستی (داعش)دا ناوبانگی دەرکرد، گیان لە دەستدانی دوو سەركردەی لە ریزەكانی راگەیاند.
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان ئاماژەی بەوەكردووە، شەڕڤانانی ژن لە ڕیزی یەکینەکاندا هەڵمەتێکیان بۆ سەر گوندی حەمرات لە بەرەی سەیادە لە مەنبیج ئەنجامدا و لە ئەنجامدا شەش چەکداری دڵسۆز بۆ تورکیا كوژران سێ چەكداری تریش برینداربوون.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو لەهەمان ڕۆژدا ئۆپەراسیۆنی دووەمیان لە بەرەی تەل تەمر ئەنجامداوە، توانیویانە بە چەکی قورس هێرشێکی گەورە بکەنە سەر بنکەیەکی تورکیا، کە بووە هۆی کوژرانی 3 سەربازی تورکیا و برینداربوونی ژمارەیەک سەربازی دیكە.